1 | GEN 1:1 | لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. |
2 | GEN 1:2 | زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە. |
3 | GEN 1:3 | خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. |
4 | GEN 1:4 | خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. |
5 | GEN 1:5 | خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو. |
6 | GEN 1:6 | خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» |
7 | GEN 1:7 | جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. |
8 | GEN 1:8 | خودا بۆشاییەکەی ناونا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو. |
9 | GEN 1:9 | خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. |
10 | GEN 1:10 | خودا وشکانییەکەی ناونا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناونا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. |
11 | GEN 1:11 | ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. |
12 | GEN 1:12 | زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. |
13 | GEN 1:13 | جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو. |
14 | GEN 1:14 | ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. |
15 | GEN 1:15 | با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. |
16 | GEN 1:16 | هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. |
17 | GEN 1:17 | خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، |
18 | GEN 1:18 | بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. |
19 | GEN 1:19 | جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو. |
20 | GEN 1:20 | ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.» |
21 | GEN 1:21 | ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. |
22 | GEN 1:22 | خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.» |
23 | GEN 1:23 | جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو. |
24 | GEN 1:24 | خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. |
25 | GEN 1:25 | خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. |
26 | GEN 1:26 | ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.» |
27 | GEN 1:27 | خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. |
28 | GEN 1:28 | خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.» |
29 | GEN 1:29 | ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. |
30 | GEN 1:30 | بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو. |
31 | GEN 1:31 | خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو. |
32 | GEN 2:1 | بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران. |
33 | GEN 2:2 | ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا. |
34 | GEN 2:3 | خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا. |
35 | GEN 2:4 | ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد. |
36 | GEN 2:5 | هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. |
37 | GEN 2:6 | بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. |
38 | GEN 2:7 | جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو. |
39 | GEN 2:8 | ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو. |
40 | GEN 2:9 | یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لەناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە. |
41 | GEN 2:10 | ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە: |
42 | GEN 2:11 | ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. |
43 | GEN 2:12 | زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. |
44 | GEN 2:13 | ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا دەڕوات. |
45 | GEN 2:14 | ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە، ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە. |
46 | GEN 2:15 | یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. |
47 | GEN 2:16 | یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، |
48 | GEN 2:17 | بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.» |
49 | GEN 2:18 | یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.» |
50 | GEN 2:19 | یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. |
51 | GEN 2:20 | پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا. بەڵام بۆ پیاوەکە هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە. |
52 | GEN 2:21 | لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. |
53 | GEN 2:22 | ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە. |
54 | GEN 2:23 | پیاوەکە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“ چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.» |
55 | GEN 2:24 | لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە. |
56 | GEN 2:25 | پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد. |
57 | GEN 3:1 | مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“» |
58 | GEN 3:2 | ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، |
59 | GEN 3:3 | بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لەناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“» |
60 | GEN 3:4 | مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، |
61 | GEN 3:5 | چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.» |
62 | GEN 3:6 | کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. |
63 | GEN 3:7 | پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد. |
64 | GEN 3:8 | ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. |
65 | GEN 3:9 | بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟» |
66 | GEN 3:10 | ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.» |
67 | GEN 3:11 | ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟» |
68 | GEN 3:12 | پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.» |
69 | GEN 3:13 | ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟» ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.» |
70 | GEN 3:14 | یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، «تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی نەفرەتلێکراوتر دەبیت. هەموو تەمەنیشت لەسەر سکت دەخشێیت و خۆڵ دەخۆیت. |
71 | GEN 3:15 | دوژمنایەتیش دەخەمە نێوان تۆ و ئافرەتەکە، نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە. نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە و تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.» |
72 | GEN 3:16 | بە ئافرەتەکەشی فەرموو: «ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم، بە ژانەوە منداڵت دەبێت. ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.» |
73 | GEN 3:17 | ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“ «ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە. بە ڕەنجکێشانیش هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت. |
74 | GEN 3:18 | دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت. |
75 | GEN 3:19 | بە ئارەقەی ناوچەوانت نان دەخۆیت، هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، کە لێیەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.» |
76 | GEN 3:20 | ئادەم ناوی ژنەکەی نا حەوا، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان. |
77 | GEN 3:21 | یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. |
78 | GEN 3:22 | ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» |
79 | GEN 3:23 | ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە. |
80 | GEN 3:24 | دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە. |
81 | GEN 4:1 | ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.» |
82 | GEN 4:2 | پاشان هابیلی برای بوو. ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو. |
83 | GEN 4:3 | دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. |
84 | GEN 4:4 | هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون، |
85 | GEN 4:5 | بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد. |
86 | GEN 4:6 | یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ |
87 | GEN 4:7 | ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.» |
88 | GEN 4:8 | جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی. |
89 | GEN 4:9 | یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟» |
90 | GEN 4:10 | جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات. |
91 | GEN 4:11 | ئێستاش تۆ نەفرەتلێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ. |
92 | GEN 4:12 | کاتێک ئیش لە زەوییەکەدا دەکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.» |
93 | GEN 4:13 | قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. |
94 | GEN 4:14 | ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.» |
95 | GEN 4:15 | بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. |
96 | GEN 4:16 | ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو. |
97 | GEN 4:17 | قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناونا حەنۆخ. |
98 | GEN 4:18 | حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو. |
99 | GEN 4:19 | لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. |
100 | GEN 4:20 | لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون. |